پێشمه‌رگه : ئه‌حمه‌د قادری

Posted by
هه‌ڵۆی سه‌ر شاخی هه‌ڵگورد و گوڵی داوێنه‌ پێشمه‌رگه‌
چریکه‌ی نێو گوڵ و لاله‌ و چڕ و بستێنه‌ پێشمه‌رگه‌
سه‌ری قه‌ڵغانه‌ بۆ مافی ڕه‌وای گه‌ل گیان له‌ پێناوه‌
نه‌وه‌ی کاوه‌ی فیدا کار و قه‌ڵا ڕووخێنه‌ پێشمه‌رگه‌
شه‌می سه‌ر چاکی هیوایه‌ و چرای ڕێبازی ڕزگاری
نمونه‌ی هه‌ڵمه‌ت و هێرش ، حه‌ماسه‌ و خوێنه‌ پێشمه‌رگه‌


له‌ پێناوی گه‌لی کورد دا دژی بێدادی هه‌ستاوه‌
به‌ گوللـه‌ی گه‌رم و کرداری به‌ڵا سووتێنه‌ پێشمه‌رگه‌
له‌ سه‌ر داوا ڕه‌واکه‌ی سووره‌ گیانی خۆی له‌ پێناوه‌
هیوای دوا ڕۆژ و پشتیوان و تۆڵه‌ستێنه‌ پێشمه‌رگه‌
ده‌سه‌لمێنێ حه‌قانیه‌ت به‌ داگیرکه‌ر له‌ کوردستان
فریشته‌ی ڕۆژی ڕزگاری ، زوڵم تارێنه‌ پێشمه‌رگه‌
گوڕ و تینی به‌ هێز و باسکی چه‌کداری گه‌ل و هۆزه‌
به‌ ئیمانه‌ و نه‌مامی ئاودراو به‌ خوێنه‌ پێشمه‌رگه‌
ده‌روون خاوێن و پارتیزان و جه‌نگاوه‌ر ، ئه‌مه‌گ ناسه‌
عه‌داڵه‌ت ویست و خاوه‌ن عه‌قڵ و هه‌ست بزوێنه‌ پێشمه‌رگه‌
به‌ سام و هه‌یبه‌ته‌ ساحه‌ب ئیراده‌ و سه‌مبولی شۆڕش
له‌ ڕۆژی ترس و ته‌نگانه‌ ڕه‌قیب تۆقێنه‌ پێشمه‌رگه‌
له‌ کاتی هێرشی دوژمن قه‌ڵای به‌رز و نه‌گیراوه‌
وه‌کوو شێری ژیان هه‌ستاوه‌ تێک قرمێنه‌ پێشمه‌رگه‌
به‌ زۆری بازوو قه‌ڵت و بڕ ده‌کا زنجیری بێدادی
ده‌با هه‌ستین له‌ ئامێزی گرین کوردینه‌ پێشمه‌رگه‌
وه‌کوو پڕشنگی خۆری ڕۆژی ڕزگاریی سه‌یر که‌ن چۆن
گه‌ڕینی ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو حه‌ماسه‌ نوێنه‌ پێشمه‌رگه‌
ده‌ هه‌ستن ڕیز گرن له‌م ڕۆژه‌ پیرۆزه‌ که‌ پێویسته‌
له‌ ڕێی قوربانی دانێن چونکه‌ کێو له‌رزێنه‌ پێشمه‌رگه‌
له‌ مێژووی شۆڕشا وه‌ک تاقه‌ ئه‌ستێره‌ی ته‌ماشا که‌ن
بزانن ڕێکخه‌ری شۆڕش ، ڕه‌وت بزوێنه‌ پێشمه‌رگه‌
ئه‌تۆش هاوده‌نگ له‌ گه‌ڵیا ” قادری ” بڕوانه‌ سه‌یری که‌
له‌ چاوی دوژمنا دڕکه‌ و چیا خه‌مڵێنه‌ پێشمه‌رگه‌


ئه‌حمه‌د قادری

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *