سکاڵا : ئه‌مین گه‌ردیگلانی

Posted by
هێنده‌ بێزارم به‌ ده‌م ئازار و داخی ئێره‌وه‌
هه‌ڵده‌دێرم رۆحی خۆم رۆژێکی له‌م په‌نجێره‌وه‌
ئه‌‌شقی تۆ ته‌رزی دڵی بۆ ژوانی رووناکی ده‌برد
گیانی تاریکی ده‌نامه‌ باوه‌شی ئه‌ستێره‌وه‌



هێنده‌ ترسابووم له‌ ساتی پڕ له‌ خورپه‌ی ژوانه‌که‌ت
هه‌ڵده‌چۆقا دڵ، له‌سه‌ر تاوێری مردن لێره‌وه‌
رۆحی تینووم، تا له‌ بیرم دێ، له‌ باوه‌شتا ده‌ژی
زه‌ڕڕه‌یه‌ک نووری نیگاتی تێوه‌ده‌ و بینێره‌وه‌
ئاهی دڵ، شاخێکی تاکوو ئه‌وپه‌ڕی بوون هه‌ڵچنی
رازه‌وانم، پێت ده‌گه‌م، له‌م رێ چڕ و هه‌ڵدێره‌وه‌
ئاشقانی خۆری چاوت سوجده‌ بۆ نانی ده‌به‌ن
کۆشکی خه‌نده‌‌ی دوژمنت هه‌ڵچوون به‌ ورگی تێره‌وه‌
دیلی نێو تاریکه‌ڵانی ژانه‌ ژینی بێکه‌سیم
چاوه‌خۆرێکی  سه‌رنجت بۆ دڵم رادێره‌وه‌
جه‌سته‌که‌م توێ‌توێ کرا، هاڵایه‌ پێم هێڵی سنوور
مێشکی شاخم که‌وته‌ ژێر چه‌کمه‌ی ره‌شی نامێره‌وه‌
زایه‌ڵه‌ی زیڕه‌ی ژن و زارۆ زه‌ویی  هێنا له‌رین
تاقه‌جارێ دڵ به‌ هاواری دڵێ بسپێره‌وه‌
من له‌گه‌ڵ زیڕه‌ و زریکه‌ و قیژه‌ له‌م خاکه‌ رووام
بوومه‌ لاوک چوومه‌ ئه‌وکی پڕگڕی بلوێره‌وه‌
یاوی جه‌سته‌ی شێعری زامارم بڵێسه‌ی سه‌ندووه‌
چۆته‌ ناخی سه‌وزی گوند و چیمه‌ن و زه‌نوێره‌وه‌
ئاره‌قی ماندوویه‌تی ئه‌و وه‌رزه‌ سوورانه‌م هه‌موو
کانی هه‌رمانن به‌نێو چاوی گه‌شی جووتێره‌وه‌
شه‌ونمی چاوێ بپڕژێنه‌ له‌ سیمای ئه‌م سه‌ده‌م
زامی سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه‌ی دڵپڕم بژمێره‌وه‌
من له‌ ژێر بارستی یه‌سکی کۆنه‌ مێژووما چه‌مام
بۆ بکه‌ومه‌ بن رنووی گولله‌ و چه‌کی زلکوێره‌وه‌
من له‌ قوڕگی پڕ لمی ئه‌نفاله‌وه‌ هاوار ده‌که‌م
چاوه‌ڕێی رووتم له‌ ئاسۆی زامه‌که‌ی هه‌ولێره‌وه‌
من له‌ نۆتی سووری گاتاکانه‌وه‌ گازنده‌مه‌
ئه‌و سه‌ره‌ت بۆ ناگه‌ڕێم، گوێ بگره‌ لێم له‌م ژێره‌وه‌!
من له‌ جه‌رگه‌ی دووکه‌ڵی سیانیده‌وه‌ بانگت ده‌که‌م
پێت ده‌گا ده‌نگم له‌ پشت کێوی رم و خه‌نجێره‌وه‌؟
من هه‌ناسه‌ی سه‌وزی ئاڤێستام له‌ سنگ دایه‌، ده‌ژیم
تا زه‌وی مابێ و هه‌تاو و ئاو و با، هه‌م بێره‌وه‌
من گڕی ئاته‌شکه‌ده‌ی زه‌رده‌شت له‌ ره‌گما بۆته‌ خوێن
ناچمه‌ بن که‌پری که‌وان و سێبه‌ری شمشێره‌وه‌
خوێنی کرماشان له‌ ره‌گمایه‌ و پشووم که‌رکووکییه‌
ژانی قامیشلیم له‌ کۆڵ ناوه‌، به‌ رێی ئه‌زمێره‌وه‌
من چرای چاوی مه‌هابادم له‌ دڵدا هه‌ڵبووه‌
زامی بۆتان و دیاربه‌کرم به‌ رووی هه‌ولێره‌وه‌
من به‌ قه‌د وان و زرێبار رۆندکم هه‌ڵڕشت له‌ لات
گۆلی ورمێم بۆیه‌ ته‌م گرتی به‌ لێوی سوێره‌وه‌
باوه‌شی چاوم به‌ره‌و پڕشنگی ئه‌شقت ئاوه‌ڵان
سیس بووه‌ رۆحم، به‌ کانیاوی نیگات بیدێره‌وه‌
ئه‌شقی تۆ و من ببووه‌ مێژووی خۆشه‌ویستی سه‌رده‌مێ
ئێسته‌که‌ش دڵداری تۆم، جوانیت به‌ من بسپێره‌وه‌
با ئه‌وینمان ئه‌م چه‌له‌ش بکرێته‌ ئایه‌ت بۆ ژیان
تا نه‌مردووم چرکه‌ساتێکم له‌گه‌ڵ رابوێره‌وه‌

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *