ئەوڕۆژانەی قەت لە بیر ناچنەوە
(بەشی بیست وحەوت)
لە درێژی خەبات و تێکۆشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کادر و پێشمەرگەکانی حیزب زۆر کەند و کۆسپی جۆراوجۆریان هاتۆتە ڕێ، بەڵام هەمووجارێ بە ئیمان بەسەرکەوتنی مافی ڕەوای گەلەکەمان توانیویانە هەموو کەند و کۆسپەکانی سەرڕێگای خەبات وتێکۆشان تێپەڕ بکەن و درێژە بە خەباتی خۆیان بدن .
بەهۆی هەڵکەوتی جوغڕافیان ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وەرزی سارد و سەرمادا نەیاندەتوانی لە ناوچەکاندا درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن .
بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزی پێشمەرگە هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە بۆ ساتێکیش خەڵکی خۆیان بەجێ نەهێڵن .هەمیشە لە نێوخەڵکی خۆیان و مەیدانی ئەسڵیی خەباتی خۆیاندا بن .
زۆرجار لە وەرزی سارد و سەرمادا لە کوێستانەکانی کوردستان تووشی کێشە دەبوون و چەند پێشمەرگە بەهۆی سەرمای بەهێزی زستانەکانی سەختی ئەو کاتە گیانیان بەخت دەکرد .
بیرەوەری و سەفەری ئەم جارەی پێشمەرگەکانی هێزی زمزیران و گیاڕەنگ لە دووهەمین مانگی پاییزی ساڵی ۱۳۶۷ی هەتاوی، ۸۸ی زایینیدا یەک لەو سەفەرانە بوو کە زۆر بە سەختی توانیمان دەرباز بین و لە مەرگ بگەڕێینەوە.
لە کۆتایی وەرزی پاییزدا دەستەیەکی تێکەڵاو لە کادرو پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ و زمزیران کە ژمارەمان بیست بۆ بیستوپێج کەس دەبوین بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین، هەدەفی ئەسڵیی ئەم جەولە هەم گەشتێک بوو لە نێوخەڵک و هەم بردنەوەی هێندێک تەقەمەنی بۆ ناوچە و بۆ ساڵانی داهاتوو بوو چونکە ئەو کاتانە کاتێکی باش بوو .
لە ئێوارەیەکی درەنگ دا لە بنکەکانی “کونەمار”ێ بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین .مەسیری حەرەکەتی ئێمە “دووئاو”ی دۆڵەتوێ، واتە گوندەکەی خۆمان بوو. کە وەڕێکەوتین هەوایەکی ساف وخۆشی هەبوو. هەرچەند سارد بوو، بەڵام زۆر کەم پێشبینی ئەوە دەکرا کە بەفرو باران دەست پێبکات. ئارام ئارام بەرەو دووئاوی دۆڵەتوێ هەڵکشاین، زۆری نەکێشا گەیشتینە سەرمێرگان کە مووچەیەکی خۆشە لە دەورو بەری گوندی دۆڵە توو. لەوێ لەسەر کانیاوێکی سازگاری ناوچەکە نانێکی پێشمەرگانەمان خوارد و زۆری نەکێشا هەورێکی چڵکن لە ئاسمانی ناوچەکە پەیدا بوو هەواکەش ساردی کرد، ئێمەش بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێکەوتین. هێشتا زۆر دوور نەکەتبووینەوە کە پرووشەی بەفر دەستی پێکرد. تا بۆ دەشتی مردواوێسەرکەوتین، بارینی بەفەر بە تەواوی دەستی پێکرد. کاتێک بەرەو دەشتی مردواوێ شۆڕ بووینەوە دەشت بەتەواوی سپی هەڵگەڕا. ئەو دەشتەی کە لە کاتی زستاناندا زۆر مەترسیدار بوو، هەر لەو ساڵانەدا چەند کەسێکی خەڵکی ناوچەکەی تێدا ڕەق هەڵاتبوو .
ئێمەش بێ گوێدان بە بارینی بەفەر، بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێ کەوتین، ئەوە بەفریش خۆش خۆش دەباری، تا گەیشتینە چۆمی وەزنێ، ناوچەکە بەتەواوی بەفر دایپۆشی. ئێمەش بەرەو گوندی گردێنە وەڕێ کەوتین، بەفریش هەردەباری، کاتێک گەیشتینە شوێنی هەوارەکانی گردێنە هەوایەکی سارد و ناخۆش بوو .
لەوێ لە هەوارەکان ئاغەڵێکی مەڕ دروست کرابوو، فەرماندەکان و چاوساغەکان کۆبوونەوە کە چی بکەین! ئەوەی لە بیرم بێ لە سەردەشت کاک خدر میراوەیی، وەک جێگری لک لە گەڵ بوو، خوالێخۆشبوو مەحموود خاس وەک کاک سیدقادی حوسێنی خالیدنێوچوانی غەفوورڕیشی.
لەڕەبەت کاک حسن غە مبار ئەندامی کومیتەی شارستانی ڕەبەت کاک عومەرسێونەی وەک سەرپەل لە گەڵ دابوون خوالێ خۆش بوو بەکرەگۆمانی عەوڵاسوورمەجنوون ئەحمد قەڵاتاسیان ئەوانم لە بیرداوای لێ بووردن لە وکەسانە دەکەم کەناوە کانم نەبیر نەماوە ۰
لە گەڵ بوون ئەوانی دیکەم ئەوانە بەرپرسانی ئێمە بوون .
ئەو چەند کەسە کۆبوونەوە، دیار منیشیان بانگ کرد، چونکی من بەڵەدی ناوچەکە بووم، دەنا من پێشمەرگەی سادە بووم. لە کۆتاییدا وا ساخ بوونەوە؛ تا بەیانی لەو ئاغەڵە بین، ئەگەر بەفر هەر باری بەیانی بچینە ناوماڵی گردێنە، ئەگەر هەواخۆشی کرد لە شاخ وەمێنین. چوینە ژووی ئاغەڵە کە کەمێک داری لێبوون، لە ژوورەکە ئاورمان کردەوە. بەفریش هەر دەباری، هەوایەکی زۆرساردی هەبوو، دڵۆپە و دووکەڵی ئاورەکە لە سەرماکە زیاتر ئەزیەتی کردین. کاتێک ڕۆژ ڕووناک بوو بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، بەرپرسەکان وا ساغ بووینەوە بچین بۆ نێوماڵی گردێنە. لە گەڵ چوونمان بۆ ناو ماڵی گردێنە لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی ئەم گوندە ڕوو بەڕوو بووین بەسەر ماڵەکاندا دابەش بووین، بەفریش هەر دەباری تا ئێوارە نیزیک بە پەنجا سانت بەفەر باری .
ئەو بەفرەی دە باری بەفرێکی وشک بوو ئێوارەکە بایەکی هەڵکرد کەهێندەی دیکە جەوەکەی بەرەو ناخۆشی گۆڕی، ئێمەش نەدەکرا بێخەیاڵ دانیشین. بۆیە بەرپرسەکان دەستیان بەڕاوێژ کرد تا بڕیاری کۆتای بدەن، کە چی بکەین؛ ئایا دەگەڕێنەوە یان لە نێو گوند دەمێنینەوە .چەند کەسێک پێیان وابوو بگەڕێنەوە باشترە، هێندێکش مخالیفی گەڕانەوە بوون، بەڵام سەرەنجام بڕیاری گەڕانەوە درا. ماڵم هەقە چەند کەس لە خەڵکی گوند گووتیان مەڕۆن، بەهیلاک دەچن، دەشتی مردواوێ لەم وەرزەدا بۆ گەڕان ناىێ. بەڵام بەقسەمان نەکردن و سووربووین لە سەر گەڕانەوە و گەڕاینەوە .
بەڕێزان لە بەشی بیست وهەشتەمدا بە وردی باسی ئەوە دەکەم کە چیمان بەسەرهات و بە چ حاڵێک رزگارمان بوو .
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست وحەوت) (۲٧) له نووسینی : خدر پاکدامهن
Posted by