لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی شەشەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی شەشەم!
ناوچەیەکی بە تەواوی میلیتاریزەکراو!
ناوچەکە بە مۆڵگەی ھێزەکانی ڕێژیم تەندرابوو، بەڵام لەدوای ئەو شەڕە وڵات ئەوەندە بێدەنگ بوو دەتگوت ھەر ھیچ چەکدارێک لەو نێوەدا بوونی نییە. ڕۆژانی ڕابردوو ھاتووچۆی ماشێنێ نیزامی تا درەنگانی شەو ھەر بەردەوام دەبوو. گەشتی شەوانە تەنانەت تا بەری بەیانیش ھەر لە ھاتووچۆدا بوو، بەڵام ئەو شەوە وێدەچوو ھەموو ئەوانە لە پشوودابن.
دەتگوت وڵات ھەموو گوێی ھەڵخستووە تا بزانێ ڕووداوەکانی دوای شەڕەکە چیان لێ شین دەبێتەوە. ناوچەکە مۆڵگەی سپا و ئەرتەشی لێبوو، بەڵام ئەو دوو هێزانە گەرچی هەردووکیان سەر بە یەک حکومەتن، بەڵام متمانەیان بە یەکتر نیە هەموو پیلانەکانیان بۆ یەکتر ئاشکرا بکەن. تەنانەت زۆرجار کە پێشمەرگە لە گەڵ لایەکیان دەکەوتە شەڕەوە ئەوەی دیکە بە هانایانەوە نەدەهات. بۆ سەرکوت کردنی خەڵک جیاوازیان نەبوو هەر یەکەیان لەوی دیکە زیاتر خۆی بە پارێزەری ڕێژیم دەزانی. ئەو مۆڵگانە بەشێکی زۆریان لە ماوەی شەڕی ئێران و ئێراقدا هێندرابوونە ئەو ناوچەیە و تا ئەو کاتەش کە دەمێک بوو شەڕەکە تەواو ببوو، نەک بە قورسایی پێشوو، بەڵام هەر لەوێ مابوون.
————–
ھەموو لایەک چاوەڕوانی بیستنی ھەواڵێک لە ئاکامی شەڕەکە بوون. بەشێک دەیانویست ھەواڵێک لە بارەی سەرکەوتنی ھێرشەکەیان بۆ سەر پێشمەرگەکان بە دار و دەستەی حکومەت بگەیێنن، بەڵام زۆر شت لە بارەی چارەنووسی چەکدارەکانی ھاوڕێیانەوە ناڕوون بوو. ئەوان ھێشتا چاوەروان بوون تا ئەگەر بە برینداریش بێت لە گەڵ ئەوان یەکتر بگرنەوە. بەڵام بە ھۆی تاریکی شەو کەس توانای ئەوەی نەبوو بچێتە شوێنی شەڕەکە و ھەواڵێکی دروست لە سەر چارەنووسی چەکدارە بێ سەر و شوێنەکان بێنێت. تەنیا کەسێک، کە زۆر بە باشی ئاگاداری چارەنووسی ئەو چەکدارە بوو کە هەر لە گەڵ یەکەم دەستڕێژ کوژرابوو، چەکدارەکەی هاوڕێی بوو، بەڵام ئەو کاتی رووبە ڕوو بوونەوەکە، کە هەموو لای خانووەکە بە هێزەکانی خۆیان تەندرابوو هیچی لە دەست نەهاتبوو، کوا ئێستا دەیوێرا بە تەنیا بچێتەوە ئەو شوێنە. لەوەش دڵنیا بوو کە مادام چەکدارەکەی دیکە کوژراوە ناشکەوێتە بەر لۆمە و لەقەمی ناوبراو تا هەست بە شەرمەزاری بکات. ئەو تەنانەت نەیدەوێرا شتێکیش لەو بارەوە بدرکێنێت. سەرەڕای ئەو چەکدارە کە تەرمەکەی لە ژوورەرەوە بە جێ مابوو، ژمارەیەکی دیکەش کوژراو و بریندار هەبوو.
چەکدارێکی بەشداربووی هێرشەکە بەمجۆرە باسی شەڕەکە دەکات؛ “پێشمەرگەکان نارنجۆکێکیان هەڵدایە کۆڵانی ماڵەکە ڕاست ئەو جێگایەی کە ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ئێمەی لێ کۆببوونەوە. تەقینەوەی ئەو نارنجۆکە زەبری قورسی لە ئێمەدا، دوو کەس هەر لەوێ کەوتن و ژمارەیەکیش بە سوکی بریندار بوون”.
تەقینەوەی ئەو نارنجۆکە دوایین تەقەی دەوری ماڵەکە بوو و بەمجۆرە شەڕەکە کۆتایی هاتبوو. هێزەکە تا ئێستا دڵنیا نەبوون پێشمەرگەکان چیان بە سەر هاتووە. ئاخۆ کوژراو و برینداریان هەبووە و هەر لە نێو خانووەکەدا ماون؟ یان ئەوەیە کوژراوەکانیان لەوێ بەجێهێشتووە و ئەوانەی کە توانیویانە خۆیان دەربردووە.
لایەنێکی دیکەی چاوەڕوانی!
لە لایەکی دیکەوە خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی بیستنی ھەواڵێک لە سەر چارەنووسی پێشمەرگەکان بوون، بەڵام ئەوانیش بە ھۆی ترس لە ھێرشی دووبارەی ھێزەکانی ڕێژیم توانای ھاتنە دەر لە ماڵەکانی خۆیان نەبوو. کاتێک باس لە چەند کەسێکی دەست و پێوەندی ڕێژیم دەکرێ، بە مانای ئەوە نایەت کە خەڵکی کوردستان، جێی متمانە نین. هەر ئەو ناوچەیەی کە شەڕەکە تێیدا ڕوودابوو، خاوەنی چەندین بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە بوو. بە بریندار بوون یان شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەکیش، برینەکانیان دەکولایەوە و دڵە خورپەی ئەو کاتەیان بوو تا هەواڵی ساغی و سڵامەتی پێشمەرگە بە گشتی و ڕۆڵەکانی خۆیان بە تایبەتی بەر گوێ دەکەوێ. بەشێکی زۆری خەڵکیش بێ ئەوەی کەسێکیان لە ڕیزی شۆرش دا بووبێت، پێشمەرگەیان خۆش ویستووە و بە دڵ پشتیوانیان لێکرودوون.
زۆربەی خەڵک ترسیان لەوە بوو کە پبشمەرگەکان دوای بەرگریێکی کورت شەھید کرابن و هەر ئەوەش بووبێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕەکە. ڕووداوی لەو جۆرە زۆر بوون و بە داخەوە زۆربەی ھەرە زۆریشیان بە شەھید بوونی پێشمەرگەکان کۆتایی ھاتبوو. تەنانەت ئەگەر دەنگۆی ڕزگار بوونی پێشمەرگەکانیش لە ناو خەڵکدا بڵاو بایەوە، زۆر کەس بڕوایان نەدەکرد. خەڵکی دڵسۆز و پشتیوانی پێشمەرگە زۆر بوون بەڵام دەستکەوتنی هەواڵی ڕاست لە سەر چارەنووسی پێشمەرگەکان ئەستەم بوو. سەرچاوەی جێی متمانەی خەڵک لەو سەردەمە و لە نێو خۆی وڵاتدا، دڵسۆزانی پێشمەرگە بوون، کە هەرچۆنێک بایە هەواڵێکیان وەدەست دەخست و بە پێچەوانەی ویستی حکومەت و لە ڕێگای خەڵکی باوەڕپێکراوەوە دەیانگەیاندە جێگای مەبەست. بەڵام شەوانە لە ناوچەکەدا “حکومەت نیزامی” ڕانەگەێیندراو هەبوو و خەڵک توانای هاتووچۆی نێوان گوندەکانی نەبوو و دەبووایە تا بەیانی بە هیوای ئەوە کە پێشمەرگەکان سڵامەت دان بە جەرگی خۆیان دابگرن. دەکرا چاوەڕوانیش بن تا هەواڵێکی باوەڕ پێکراو لە سەر چارەنووسی پێشمەرگەکان نێو حیزب ڕا بێت. خەڵک متمانەی بە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانیش هەبوو، بەڵام ئەویش چەند ڕۆژێکی پێویست بوو تا ھەواڵەکە بڵاو بکاتەوە. تا ئەو کاتەی ڕادیۆش نەیخوێندبۆوە، دەست و پێوەندەکانی حکومەت زۆرتر برەویان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ لە سەر پێشمەرگەکان دەدا.
برسیایەتی بێ گوێدانە ڕووداوەکان!
پێشمەرگەکان هەورازێکی دوور و درێژیان لە بەردەم دابوو تا پێیدا سەرکەون، کە بە برسیایەتی زۆر ئاستەم دەبوو. زۆر لە کاتی نانخواردنی ئێوارە لای دابوو و پێشمەرگەکان لە نیوەڕۆوە هیچ شتێکیان نەخواردبوو. ڕێژەی قەندی خوێن بەرەو دابەزین بوو و ئەژنۆکان ویستی درێژەدانی ڕێگایان لە کورتی دابوو. پێشمەرگە بریندارەکە لەوانی دی زیاتر پێویستی بە خواردن بوو تا حاڵی تێک نەچێت.
پێشمەرگەکان دوای دەرچوونیان لە ماڵەکە و دڵنیا بوون لەوە کە ڕزگاریان بووە، لە ماڵێکی جێگای متمانە، دوور لە ئاوایی لایاندا و لە سەر ئەوە ساغ بوونەوە کە دوای نانخواردنێکی بەپەلە لەو شوێنە دوورکەونەوە.
ماڵەکە ئاگاداری شەڕەکە بوون، بەڵام نەیانزانیبوو لە گەڵ کێیە و ئاکامی شەڕەکە چی بووە؟ دوای بێدەنگ بوونی تەقە وایان لێکدابۆوە کە شەڕەکە بە شەهید یان بە دیل گیرانی پێشمەرگەکان کۆتایی هاتبێت. کاتێک پێشمەرگەکانیان دیت زۆر دڵخۆش بوون و یەکەم پرسیاریان ئەوە بوو، ئاخۆ ئەو شەڕە لە گەڵ ئێوە بوو؟ ئەی چۆن دەرچوون و چتان بە سەر هاتووە؟ شەهید و بریندارتان هەیە؟ پێشمەرگەکان دڵنیایان کردنەوە کە ئەوان بوون دەورەیان گیرابوو، بەڵام دەرباز بوون و شەهید و برینداریان نییە؟!!!
ماڵەکە نانی ئێوارەیان خواردبوو و زۆر بە داوای لێبوردنەوە نانێکی ئاکەزاییان، بە پێخۆرێکی کەم، بۆ هێنان و داوایان کرد تۆزێک سەبر بکەن شتێکی باشتریان بۆ ساز بکەن. بە کوردی “میوانی درەنگ وەخت گلەیی لە سەر خۆیە” .پێشمەرگەکان وڵامیاندانەوە کە ئەوان بە پەلەن ولەوە کە هەبوو بڕێکیان خوارد و کەمێکیشیان لە کۆڵەپشتیەکانیان هاویشت تا دواتر بیخۆن.
نهێنی برینداربوونەکە وەک دەمێنێتەوە!
پێشمەرگەکان زۆر بە نهێنی لە ماڵی شوێنی شەڕەکە چووبوونە دەرەوە و تەنیا ئەو بنەماڵەیەش ئاگاداری دەرچوونی پێشمەرگەکان بوون و داواشیان لێکرا کە ئەوان تەنیا کەسن ئێمەیان دیوە و ناشبێت لای کەس بیدرکێنن. تەنانەت ئەو بنەماڵەیەش هەستیان بە زامداربوونی پێشمەرگە بریندارەکە نەکرد. پێشمەرگەکان دەیانزانی کە سەرەڕای وریا کردنەوەی ئەوان کە نهێنی ئەو دیدارە بپارێزن، بەڵام ماڵەکە بە هەر جۆرێک بووە هەوڵ دەدەن کەسو کاری پێشمەرگە ناسیاوەکان لە دەربازبوونی پێشمەرگەکان ئاگادار بکەنەوە. لە ناو پێشمەرگەدا باو بوو، کاتێک بنەماڵەی پێشمەرگەیەک ئاگادار دەکرایەوە کە کوڕەکەیان بریندار بووە، ئەوە بە مانای شەهیدبوونی پیشمەرگەکە لێکدەدرایەوە. هەر لەبەر ئەو هۆیەش بە دەگمەن هەواڵی بریندار بوونی پێشمەرگە بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیەندرا. ئەمجارەش ئەو تێ بینیەکە وەبەر چاو گیرا کە نەکا ئەو بنەماڵەیە هەواڵی برینداربوونی ئەو پێشمەرگەیە بە بنەماڵەکەیان ڕابگەیێنن و ئەوان بە شەهید بوون لێکی بدەنەوە.
بەڵگەکان دەدوێن؟!!
پێشمەرگەکان لە کاتی نانخواردن دا چاوێکی خێرایان بە سەر بەو بەڵگانەدا خشاند کە لە چەکدارە کوژراوەکە دەستیان کەوتبوو. بەڵگەکان وایان پێشاندەدا کە کوژراوەکە چەکدارێکی بەناوبانگی ڕێژیم بووبێت. یەکێک لە پێشمەرگەکان کە پێشترلە ناوچەیەکی دیکە خەباتی کردبوو و نێوبانگی ئەو چەکدارەی بیستبوو، زیاتر لە بارەی ناوبراوەوە ڕوونکردنەوەی دا کە ناوبراو، ئەگەرئەوە ئەو کەسە بێت، لە شەھیدکردنی چەند پێشمەرگەدا دەستی ھەبووە. بە هۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە شۆرەتی وەک یەک لەو ناوچەیە، وادیاربوو ناوبراویش زۆر دڵنیا نەبوو. پێشمەرگەکە تا ڕادەیەکی زۆر ئاگاداری شێوەی ھێرشەکانی پێشووی چەکدارە کوژراوەکە بۆ سەر پێشمەرگە بوو، بە تایبەت ئەو ھێرشانەی کە بە شەھید بوونی پێشمەرگەکان کۆتایی ھاتبوو. ئەو پێشتر ھیچکات ئاوا لە پێشمەرگە نیزیک نەدەبۆوە و تەنیا لە دوورەوە تەقەی دەکرد تا ئەو کاتەش نەیزانیبا پێشمەرگەکان شەھێد بوون غیرەتی نیزیکبوونەوەی نەبووە، وتەی پێشمەرگەکە.
بەڵام چۆن بووە ئەو ئاوا بەدوای ئێمەدا ھاتبووە ژوورێ؟ ئەو تێ بینیە بیر و ھۆشی پێشمەرگەکانی بۆ جارێکی دیکەش گەڕاندەوە کاتی دەست پێکردنی ھێرشەکە و ئەو خواردنەی کە بۆ پێشمەرگەکان سازکرابوو.
سزای منداڵ بە هۆی تاوانی باوکی؟!!!
لە ناو بەڵگەکاندا وێنەی منداڵەکانی
کوژراوەکە جێگای تێڕامان بوو. وەک ھەموو منداڵانی ھاوتەمەنیان بە بزەی منداڵانەوە ھێما و ئیشارەکانی وێنەگرەکەیان ڕەچاو کردبوو تا باوکیان ھەر کات بیری کردن بە سەیرکردنی وێنەکانیان سوکنایی بە دڵی دابێت و ئەگەر بتوانێ لە چاوی ئەوانەوە دونیای بێ غەل و غەشی منداڵان ببینێ. منداڵەکان وەک ھەموو منداڵانی دیکە دەیانویست باوکیان ھەردەم ئەوانی لەبیر بێت و تامەزرۆی ئەو کاتانە بێت کە بە دیداریان شاد دەبێتەوە. ئەوان ھیچکات بیریان لە ڕۆژێکی وا نەکردبۆوە کە وێنەکانیان بکەونە دەستی کەسانێک، کە نەک ھیچ پێوەندییەکی خزمایەتیان بە یەکەوە نیە بەڵکو لە دوو بەرەی تەواو لێک جیاوزیشدا چەکیان ھەڵگرتووە. یەکیان لە پێناو گەلەکەیدا خەبات دەکات و بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی خەبات لە پێناو ڕزگاریدا خۆشیەکانی ژیانی خۆی وەلا ناوە. ئەویتریان بۆ دژایەتیکردن و کۆسپ خستنە سەر ڕێگای بەختەوەری گەلەکەی و لە پێناو بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیدا پشتی لە گەلەکەی کردووە و شاخ و دۆڵ، دەشت و پێدەشت و کەلێن قوژبنی ئەم کوردستانە بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕێت.
ھەرچەند کەم ھەڵدەکەوێ منداڵ بە دژی ئەو ڕێبازەی دایک و باوکی گرتوویانەتە بەر ھەڵوێست بگرێ و زۆرھەل و مەرج وا دەکات کە ئەوانیش بە ڕێبازی باوکیان دا بڕۆن، بەڵام ھەست و سۆزی خۆشەویستی کە گەلی کورد بۆ منداڵانی ئەم دووانەی هەیە جیاوازە.
منداڵێک کە لەو تەمەنەڕا لە خۆشەویستی باوکی بێبەش دەبێت چ تاوانێکی ھەیە کە باوکی بۆ دڵخۆشی داگیرکەرانی کوردستان وا لێبڕاوانە وەدوای پێ و شوێنی پێشمەرگە کەوتووە و ھەر لەوڕێیەشدا سەری داناوە. ئەو چەکدارانە ڕاستە لەمڕۆدا بەکرێگیراون و لە پێناو پووڵدا ئامادەن کوڕی کەسێکی دیکە بکوژن کە لە پێناو خۆشبەختی گەلەکەیدا خەبات دەکات و شەھید بوونیشی لە پیناو ئەو ڕێگایەدا ھۆی سەربەرزییە، بەڵام کوژرانی ئەوان بۆ پێشمەرگە جێگای دڵخۆشی نیە.
گریمان شەڕەکە ھەروەک شەڕەکانی پێشوو کە چەکداری ناوبراو سەری تیادا دانا، بە شەھید بوونی پێشمەرگەکان کۆتایی ھاتبایە و پێشمەرگەیەکی خاوەن ماڵ و منداڵ چەند وێنەیەکی منداڵەکانی لە گیرفان دابایە؟ تۆ بڵێی چەکداری ناوبراویش وەکو پێشمەرگەکان بیری لەوە کردبایەوە، تاوانی ئەو منداڵانە چیبوو کە من لە پێناو دەستکەوتی کاتی و خۆشخزمەتی بە دوژمنی گەلەکەمدا لە نازی باوک بێبەشم کردن؟!!!
درێژەی هەیە………


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *