ەشی شەشەمی گەڕانەوە(٦)
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی
پێداچوونەوە: ھەمزە ئاگوشی
خۆشەویستان زۆرمان جەفا لە رێگای رزگاری چێشت، زۆر سەختی و نەھامەتیمان تاقی کردنەوە، رۆژگاری تاڵ و شیرین زۆر بوو لە رێمان، کێن ئەوانەی بە درێژایی ژیان وەفادار مانەوە؟
وەرن با بەیەکەوە بە ناخی ئەو مێژووەدا شۆڕ بینەوە…
چەند سەخت دەنوێنێ گەر بتھەوێ باسی مێژووی ئەو جۆرە مرۆڤانە بکەی! ئەوان چ کاراکتەرێکن؟ چۆن ژیانی راستەقینەی ئەوان بەرجەستە بکەین و بە قوڵایی ئازارەکانیاندا شۆڕ بینەوە… ھەرکات ناوی ئەوانە دەھێنم…مەلی خەیاڵ باڵ دەگرێ. روو لەھەر جێگایەک دەکەی، چیرۆکێکی راستەقینەی ژیانی ئەوانی لێیە… با ھاودەمی سەفەرە بێ گەڕانەوەکانیان بین و ئەو جارەش چاو ببڕینە تابڵۆیەک لە هەزاران تابڵۆی ژیانی تەژی لە جوانییان.
با کەمێک ئارام بگرین و ھەناسەیەکی
قوڵ ھەڵکێشین….بە بست بە بستی خاکی نیشتمان سوێند دەخۆم دەگەڵ ئێوە و ویژدانی خۆم راستگۆ بم…لێرە باس لە چیرۆکە خەیاڵییەکان و قارەمانە داتاشراوەکانی نییە..خوێندنەوەی رۆمانێکی دوور لە راستی نییە هەتا پاڵەوانی بۆ هەڵنێین. لێرە ئەو چیرۆکانە بە خوێن نووسراونەتەوە..لێرە ھەمووان پاڵەوانن، لێرە باسی چیرۆکی راستەقینەی کیژو لاوانی وڵاتی فرمێسک و خوێنە… لێرە پەیمانی شەرەف نووسراوەتەوە.. لێرە زۆرێک لە ئێمە دەیان جار مەرگمان تاقی کردووەتەوە… لێرە بەدەیان جار بۆ ھاوڕێی گیانی بە گیانیمان ئەژنۆی خەممان لە باوەش گرتووە و فرمێسکی دابڕانمان هەڵوەراندووە. دەبێ ئازاری جێھێشتنی ئازیزانت چەند قورس بێ؟!! چەند سەختە کۆڕی گەرمی یاران جێ بھێڵی و دوور لە دیدار و ھەناسە و ترپەی دڵی دایک بژی و باوک تاسەر چاوڕێی گەڕانەوەت بێ… شوێن پێی ئێوە دیارە..ھەوارێکی چۆڵ و کزە، چیرۆکی تەواونەکراوی دەیان خۆزگەو بریایە..ئەو چیرۆکە تاڵانەی بوونە فرمێسکی خەم و حەسرەت لە چاوی دایکان و باوکانی پڕ لە چاوەروانی دا……………..
ئەوجار درێژەی چیرۆکی پێشوو……
ترسی پاسدار “مووسەوی” وایکرد بە ناچاری بەرەو قۆناغی دایە و بابە لە گوندی “باوزێ”ی باشووری کوردستان وەڕێ کەوتم. ( “مووسەوی” ئەو کەسەی بوو بە خاترەی تاڵی من..دواتر لەگەڵ نزیکەی بیست پاسداری دیکە دا کەوتنە کەمینی پێشمەرگە و کووژران. “قادری عەوڵای رەحیم پیرۆتی” و “ناسر”ی ئامۆزای بە بڕیاری حیزب و بە مەئموورییەتێکی حیزبی خۆ تەحویلی رێژیم دەدەنەوە. ماوەیەک باس باسی ئەو دوو کەسە بوو لە ناو خەڵکی ناوچەدا، ناسر پێشمەرگەیەکی زۆر قارەمان و چاونەترس بوو…بە داخەوە ساڵی شیست و شەش ئەگەر ھەڵە نەبم لە گرتنی پایەگای “گوێزیلێ” شەھید بوو کە لە شوێنی خۆی باسی دەکەم . ئیدی خەڵک بەلایەوە سەیر بوو بۆ ھاتوونەوە بوونەتە جاش. دواتر دەرکەوت بەرنامەی حیزب بووە. دووبارەی دەکەمەوە شەھیدبوونەکەی “ناسر ئازەری” داستانێکی لە پشتە… من “ناسر”م زۆر خۆش دەویست و لە پاڵەوانەتی و ئازایەتیدا ئەفسانەیەک بوو.. یادی بەخێر ….). دڵم تەنگە… ھەزارو یەک خەیاڵ دێن و دەڕۆن، لای خۆم دەڵێم: “باوکم دەگەڕێتەوە..باوەڕی پێ دێنم…جارێ با رووداوێکی سەیر بگێڕمەوە…چۆن باوەڕ دەکەن ئەوە راستی بێ؟!!
باوکم شوێنێکی بۆ ژیان و حەسانەوە دروست کردووە.. چۆن بڵێم وەک کۆخێک وایە. لە ناوەڕاستیدا تەندوورێک دانراوە. لەوێ دار بۆ ئاوردوو زۆرە. ئەو تەندوورەمان ھەم بۆ نانکردنە ھەم بۆ ئاگردان، کاتی شەڕی ئێران و عێراقە و ناوچەکەش بۆشاییەکی ھەیە و ئەو بۆشاییەش لە نێوان سنوورەکانی ھەر دووک لایە… پڕییەتی لە بنکەو بارەگاو ماڵی ئاوارە، ھەر بۆیە بەردەوام ناوچەکە تۆپباران دەکرێ. ماوەیەکە باوکم بە سەفەر نەنکمی بردووە بۆ لای خۆیان. نیوەڕۆیە تەنیا نەنکم لە ماڵە و تۆپباران دەستی پێ کردووە. دایکم دەڕوا بۆ مەڕدۆشین..بە نەنکم دەڵێ زوو دەگەڕێمەوە. رووداوە سەیرەکە ئەوەیە !.لە درێژەی تۆپبارانەکەدا…تۆپێک لە ماڵەکەی ئێمە دەدا و رێک لە سەربان شۆڕ دەبێتەوە و دەچێتە ژوورەوە. نەنکم کەمێک نەخۆشە و لەوێ لەناو جێگایە،…لە دوورەوە دایک و بابم دەبینن کە تۆز لە ماڵەکەمان بڵند دەبێ. بە پەلە و ھەناسەبڕکێ باوکم خۆی دەگەیەنێتە ماڵەوە و تا دەگاتێ تۆزەکە کەمێک دامرکاوەتەوە. خۆی بە ژووردا دەکات و دەبینێ نەنکم لەناو جێگاکە خۆی مەڵاس داوە و سەلامەتە. بە بابم دەڵێ: “رۆڵە محەممەد تۆپ بوو لە خانووەکەی دا….بانەکەش کوون بووە! بابم دەبینێ دارەکان شکاون و ھێشتا ھەر گڵ و خۆڵ دێتە خوارێ. باشە ئەدی گوللە تۆپەکە؟!!.تەندوور پڕ بووە لە خۆڵ و خاشاک… باوکم بەلایەوە سەیر دەبێ، ؟! تەندوورەکە خاوێن دەکاتەوە و دەبینێ چۆتە ناوەڕاستی تەندوورەکە. (کە گووللە کاتیۆشا دەبێ )دەستی بۆ دەبات کە دەری بێنێ، دەبینێ زۆر گەرمە و ناوێرێ… پاش ماوەیەک دەری دێنێ وەک “قەڵاشکەری”.
بەھەر حاڵ….لە گۆڕەپان و ناوچەکانی شەڕەکاندا جاربەجار رووداوی دەگمەن روو دەدەن.
ئەوەش زیاد بکەم جارێکی دیکەش لە گوندی “سونێ” گوللە تۆپ بەر ماڵمان کەوت کە دایکم بە قورسی بریندار بوو و چەند مانگێک لە نەخۆشخانە کەوت. لە شوێنی خۆی باسی دەکەم…بێمەوە سەر باسەکەم بەو خەیاڵانەوە بە خۆشم نەزانی گەیشتمە ماڵێ. لە باوەشیان گرتم و بۆیان باسی ئەو رووداوە کردم کە ھێشتا ئاسەواری مابوو. گوللەکەش ھەر لەوێ بوو. شەو رووداوەکەم بۆ بابم گێڕایەوە…وەک خۆی چی رووی داوە، بە باوکم گوت. بە ترسەوە گووتم وەرەوە !بگەڕێوە … کەس هیچت پێ ناڵێ. مەڕەکان دەفرۆشین و لە سەردەشت چیت پێ خۆش بوو لە خانوو لە دووکان بیکڕە…ھەر وەک چاوەڕوان دەکرا، چەند ھەوڵمدا سوودی نەبوو. باوکم گوتی تۆش ناچییەوە لێرە دەبی بە شوانی مەڕەکان، “جالەو چۆلگە و بە تەنیا”. پێداگریم کرد باوکم تووڕە بوو و دایکم ھاواری لێ ھەستا… باوکم زیاتر تووڕە بوو….بە دایکم گوت بابم بشمکووژێ لێرە نابم بە شوان. ئەگەر قەرار بێ ھەر ببمە شوان، لە ئێرانێ شوانی دەکەم. بابم سەختتر دەبوو، وای بە سەرھات نەمدەتوانی زیاتر ئەو باسەی لەگەڵ درێژە بدەم. یەک جار بە زارمدا ھات… ئەگەر بووبمە… پێشمەرگە لێرە شوانی ناکەم! ھەر ئەوەندە بەس بوو کەوتمە بەر غەزەبی باوکم. بە جۆرێک زۆر قسەی پێ گوتم… دایکم دەگریا…ئەو ناکۆکییەی من و بابم نزیکەی دوو ھەفتەی خایاند….زۆر بە خرابی بابم گوتی کەس منداڵی وەک تۆ راناگرێ. ئەو چەند رۆژە شینی دایکمە” :رۆڵە بە قسەی بکە بابت کەللە رەقە ئەوەت بۆ ناچێتە سەر. جا تۆ دوور بی و ببیە….پێشمەرگە دڵم ناتۆقێ؟! ئەی کە تووشی بەڵایەک بووی…؟!” دوور لە ویستی خۆم بەیانییەکی زوو ھەستام رۆیشتم بەرەو دەستەی یەکی شەھیدانی “ھەشتی گەلاوێژ”، ئەو دەستەیە بە ناوی ئەو پۆلە شەھیدەوە بوو کە لە”قووچی و مارەغانی ” شەھید ببوون. تۆ ناتوانی باسی ئەو ناوە بکەی و ھەر وا بە ھاسانی بگوزەرێی. داخەکەم یازدە شەھید تا دواھەناسەی ژیان بەرگرییان کرد. فیشەک تەواو دەبن. شەڕی دەستەویەخە دەست پێ دەکات…لەو شەڕەدا قارەمانانی وەک “خاڵە رێبوار…عەزیزی حەمە دەروێشی…خاڵ مەحمەد شێخە پوور” شەھید دەبن………
دەمەوێ لە بەشی داھاتوودا کەمێک زیاتر بۆ چۆنیەتی ئەو شەڕە بگەرێمەوە و ئەوەندەی توانا ھەبێ باس لە گیان بەختکردنی ئەو پۆلە شەھیدە بکەین….ھەر چەند زۆر لە مێژووەکەی دوور کەوتووینەوە…
چاوەڕوان بن و بزانن چۆن بەرگرییان لە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد………….درێژەی هەیە…