بەشی چوارەمی “گەڕانەوە (٤)”
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی
پێدا چوونەوەی کاک ھەمزە ئاگووشی
بە دەم ئازارێکی زۆرەوە لێرە لە
رووداوەکانی پێشوو دادەبڕێم.
پێشمەرگەکان ماڵ ئاوایی دەكەن… ئەو شەوە بە تەنیشت گڵکۆی ئەو دوو شەھیدەوە رۆژ دەکەمەوە. ھەگبەی سەفەرێکی درێژم ھەڵگرتووە… بەر لەوەی بگەڕێمەوە، دەمەوێ سەرێک بدەمەوە لەو یادگارە بە جێماوانەی کە بە درێژایی ژیان و سەختی رۆژگار، ھەر وا دڵم لایانەو نەمتوانی بیانسڕمەوە.
دەکەومە رێ… چەند ھەنگاوێکم بڕیوە… ئای ئەو سەفەرەش، رووداوێکی تاڵی بیر خستمەوە…. ناتوانم ھەر وا تێپەڕ بم بە کوورتیش بێ دەیگێڕمەوە….
ساڵی ١٣٦٣ ماڵی باوکم لە “باوزێیە ” *باوزێ گوندێکی سنووری باشووری کوردستان) ماوەیەکە ناوچەکەی ئێمە لە پەلامارێکی دڕندانەو شەرێکی بەربڵاو دوای بەرگرییەکی قارەمانانە داگیرکراوەتەوە. بە دەیان بنەماڵەی شۆڕشگێر ئاوارە بوون و لەو ناوچە گیرساونەوە و ماڵی ئێمەش یەکێک لەو بنەماڵانەیە. راستی باوکم خەیاڵی لای زەمەنێکی کاتییەو وا بیر دەکاتەوە کە دوای چەند مانگێک یا ساڵێك دواتر دەگەڕێتەوە. من بە تەنیا لە گوندەکەی خۆمان “سوورەچۆم” لای ماڵی مامم ماومەوە. راستی زیاتر” نەنکم ” کە بە قەت چاوەکانی خۆشی دەویستم، “رووحی شاد لە ژیان دا نەماوە،” زۆر قەرزداری نەنکمم. قەت نەمتوانی پاداشی بدەمەوە. دەبێ بڵێم: نەنکە گیان شەرمەزارم…تۆ نازانی رۆژگار چی بەسەر ھێناین. ئاخر باوکم مەبەستی بوو لە خوێندن دانەبڕێم، بۆیە لەوێ مابوومەوە لە یادمە ھەموو کات دەیگوت: “رۆڵە نابێ وەک من کوێر بی”. دوای چەند ساڵێک تێگەیشتم مەبەستی ئەوە بووە ھەر کەس نەخوێندەوار بێ وەک کوێر وایە.
لە ئێرانەوە جار جار سەردانم دەکردن… پێویستی ماڵێ و زۆر شتی دیکە لە سەردەشت دەمکڕی و بۆم دەهێنان. ئای دایکم چ ئازارێکی دەچێشت…با ئەوەش زیاد بکەم لە ژیانم دا ئەوەندە بوومەتە مایەی ئازار بۆ ئەو دایکە داماوە، دڵنیام ھیچ خاکێک نامگرێتە خۆی. بەھەر حاڵ لە ئێران دەچوومە کاروانی، لە دێیەکەی خۆمان… بە باوەڕەوە دەڵێم کەم کەس وەک من خۆشەویست بوو. ھەر بۆ زانیاریتان ئێستا ھیچ کەس لەو گوندە من ناناسیتەوە. سیمای تێک شکاوم و دووری چەند ساڵە ئێمەی کوشت. زۆر جار ھەر لە کاروانی بە “کەژوو”ی باری لەسەر پشتی وڵاخەکە دەیانبەستم بۆوەی کە خەوم لێ کەوت بەرنەبمەوە، یانی بۆ ئەوە دەتبەستن کە خەو فشاری ھێنا یەکسەر ناکەویتە خوارێ و خەبەرت دەبێتەوە.
رۆژێکیان لە درێژەی ئەو سەفەرانەدا کە لە سوورەچۆم ڕا دەستی پێ دەکرد..بە دۆڵی “باژار”دا بەنێو بەھەشتێک لە جوانی و ھەوای سازگارو دڵڕەفێندا تێپەڕ دەبووم تا دەگەیشتمە دیوی عێراق. رۆژێکی ئاخر رۆژەکانی پاییز کە سەردانم کردبوون.
بە دوای شەو و رۆژێک مانەوە، دەبوا بگەڕێمەوە…. دوای نیوەڕۆ دایکم لە باوەشی گرتم و چەند فرمێسکێکی ھەڵوەراند…زۆر دوعای بۆ کردم. لەو کاتەداکە خواحافیزیم دەکرد، لەگەڵ باوکم بوو بە دەمەقاڵەیان. گوتی: بزانە کوڕە تاقانەکەم تووشی بەڵایەک ناکەی؟!! ھەتا کەنگێ بێت و بڕوات بەو رێگا پڕ مەترسییانەدا؟! بە زەردەخەنەوە وەڕێ کەوتم… سۆزی نەرمەبایەکی بەهاری ناخی ئاوپڕژێن دەکرد و هەناسەی لە شەماڵ بڕیبوو، بێدەنگی وبەس.ھەموو جارێش ترسێکم ھەبوو…زۆر جار بە خۆم دەگوت…ئەو جارە بە باوکم دەڵێم ھەتا کەنگێ.. ھەر وا ئاوا بین.راستی دەمێک بوو دەمویست بە بابم بڵێم وەرەوە کەچی نەدەوێرام.
من رۆیشتووم و بە سواری” ھێستر” وەردە وردە رێگای دوور دەبڕم. ئەو رۆژە کەمێک دڵم تەنگە.. جار جار ئۆخژنێک بە دڵمدا دێ زۆر سەیرە!! دڵم تەنگ دەبێ خۆشم نازانم ترسی چیم ھەیە.
خووڕەی ئاو و جریوە جریوی باڵندەكان بە دەم رێگاوە،ھێندەی دیکە جوانی بەخشن! داخەکەم لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ھەموو شتێک گۆڕا!..دەبوا بزانم ئەو ھەموو باڵندە ھەر لە خۆوە بەرەو دیوی گەرمێن کۆچیان ناکەن!!!
رەنگە باوەڕ ناکەن چیم بینی! دونیا وردە وردە تاریکی دەکرد و کەشێکی سارد…بە گەیشتن بە خاڵی سنووری و کەلێنێ” قۆرغان”… دڵەڕواکێیەک دەستی پێکرد… دوو دڵم… بڕۆم یا بگەڕێمەوە؟..نا…نا دەڕۆم! وڵات تاریکی کرد و لە دەشتی “کانی خاتوون”ڕا بەفر دەستی پێکرد. گریان گەرووی گرتووم و تاکە فریادڕەسێ شک نابەم. لەپڕ لوورە لووری گورگان دەستی پێکرد… ئای روح چۆن دەرناچی؟! وڵاخەکەم گوێی قوڵاخ کردوون و بۆخۆی ملی رێگای گرتووە. دایداوەتە بەفرو بۆرانێک ھیچ نابینم. من نە مەودایەکم ھەیە بۆ بینن، نە رێگاکەش دەبینم. لوورەی گورگانیش ھەر زیاتر دەبێ…خوایە گیان چی روو دەدات بۆ وام بەسەر ھات؟
من تەنیا دەگریم..وەڵاخەکەم زۆر توند دەڕوات… توندو توندتر، ئێستا ئەو رێ دەزانێ یا نا!؟ ئیدی من ھیچ نازانم.. وا وردە وردە، لە سەرمان هەموو گیانم دەیبەستێ. هەست دەکەم ھێزم لەبەردانەماوە…ھەر زوو بەر لەوەی تووشی ئەو تەنگانەیە بم. وڵاخەکەم تێڕەی پێوەیە و ھەر دووک لاقم خستوونە ناو تێڕەکەی بۆوەی باشتر خۆم راگرم. ئای بۆ زەندەقم ناچێ لە ترسی ئەو گورگانە؟!! ئیدی بەرە بەرە ھۆشم نەما..کاتێک چاوم کردنەوە وا لە “دەراوێ کۆڵە”ی لە “ئاشی خاڵ ساڵح”ی رەحمەتیم،ھەر دووک لاقم لە ناو تەشتێک ئاون و لەولاتر ئاگرێکیان بۆ کردوومەوە..
ئاشەکە ھی خاڵم بوو. ساڵانە ھەموو گوندەکانی دەورووبەر بە تایبەتی “قەلەڕەشە” و “سوورەچۆم”، باراشیان دەبرد بۆ ئاشی..دەبوا ماوەیەکی یەکجار زۆر لە نۆرەدا بی تا نۆرەت دەگەیشتێ. شانسی من وڵاخەکەش بە پەلەیە،وەک ئەوەی بزانێ وەزعی من چۆنە. مەودایەکی ماوە تا گەیشتنەوە بە ماڵ.. كەمیش نییە، دەیکاتە پیاوەتی و لەوێ لا دەدا.من ئەوەندە ھۆشم لەبەردا نەمابوو بزانم چی روودەدا.