بەشی ( نۆزدهههم) (١٩) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له نووسینی خدر پاکدامهن (خدربهگ )
لە گەڵ نوێ کردنەوی پەیمانی وەفادری بە ڕێبازی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان و هەمووشەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری گەلەکەمان جارێکی دیکە دێمەوە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست تاڕووداوەکانی ڕابردوو کە پڕبوون لە فیداکاری و شانازی بۆ ئێوە بەڕێزان بگێڕمەوە. دەشزانم ڕووداوەکان بێ کەموکوڕی نین و نابن .
هەروەک لە بەشەکانی پێشوودا باسم کرد ساڵی ۶۷ هیجری شەمسی ۸۸ی میلادی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ساڵێکی ناخۆش بوو، ڕێژیم هێزێکی زۆری لە سنوورەکان جێگر کردبوو، زۆربەی سنوورەکان مینڕێژ کرابوون و دەربازبوون لە مەرزەکان کارێکی ئاسان نەبوو . بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە ئێمەش وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کار و چالاکی خۆمان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان درێژەمان بەئەرکە کانی خۆمان دەدا تاپیلانەکانی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکەینەوە .
هێزی گیاڕەنگ ئەو کاتە لە “کونەمار” و “سوونێ” جێگیر بوون لە هەموو بارێکەوە، فشارێکی زۆرمان لە سەر بوو. بەڵام بێ گوێدان بەفشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئیدامەی کاری خۆمان دەدا لە بەر مەرزبوونی سنووری هێزەکەمان بێجگە لەوی کە دەبوو خۆمان لە سنوور ڕەت بین، بەشێک لە هێزەکانی دیکە وەک هێزەکانی زمزیران، پێشەوا، بەیان جاورباریش هێزەکانی دیکە لە سنووری ناوچەی سەردەشتەوە دەربازی ناوخۆی وڵات بکەین. هەرچەندە کارێکی زۆرسەخت بوو، بەڵام بیروو باوەڕی پێشمەرگە تێکۆشەرەکان بەرگەی هەموو سەختییەکانی دەگرت و هەرگیز بۆجارێکش نەماندتوانی خۆمان لە سەختیەکان بشارینەوە .
ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣۶٧ی هەتاوی هەردوو هێزی زمزیران و پێشەوا و کومیتەی شارستانی نەغەدە گەیشتنە سوونی و بەسەر بنکەکانی هێزی گیاڕەنگدا دابەش بوون و چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد تا لە سنوورەکانی سەردەشتەوە بەرەو ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە. هێزەکە هیزێکی زۆر بوو لە بیرم نیە بەڵام زیاتر لە ۱۲۰ کەس دەبوون. دەربازکردنی ئەو هێزە زۆرە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دەبوو هەر دەربازیان بکەین تا بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە. ئەرکی ڕەتکردنی ئەو هێزانە بە پێنج کەس لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ سپێردرا کە بریتی بوون لە؛ خوالێخۆشبوو مەحموودخاس، محەممەد مامئاغا، عومەر کانەبی و خدربگ و شەهید سەلام مارەغانی کە خوالێخۆشبوو مەحموودخاس سەرپەلمان بوو. دوای کۆبوونەوە و مەشوەرەتکردن لە گەڵ یەکتر ئێوارەی ٢٣ی پووشپەڕ بەرەوو ناوچە وەڕێکەوتین. مەسیری حەرەکەتی ئەو هێزە گوندەکەی ئێمە (دۆڵەتوو) بوو. سەر لە ئێوارە بەرەو مەرزی دۆڵەتوو وەڕێ کەوتین، دوای پشوویەکی کورت لە سەرچاوەی ئاوی “بێدەلان” هەورازی “دارەگردیلە”مان گرتە بەر، هێزەکە زۆر بوو، یەکەم شەوبوو بۆیە ئەو هێزە وەک پێویست نەیدەتوانی ڕێگە ببڕێ. سەرەنجام هێدی هێدی سەرکەوتین، جەنگەڵێکی پڕ و ناخۆش بوو، زۆر لە پایەگا نیزیک بووین، من یەکەم نەفەر بووم و ئەوانی دیکە هەمووی بدوای مندا دەهاتن. سەر و خواری رێگاکەمان مینڕێژ کرابوو، نەدەبوو لێک دابڕێنن چونکی هەرکەس دابڕابا وەسەر مین دەکەوت. رێگایەکی سەخت و دژوار بوو، نەمانزانی لەپایەگا نیزیک بووینەوە، ئەوەندە لێی نزیک ببووینەوە کە تەقەی لێکردین. بەڵام بەهیمەتی هەموومان هەر زوو خۆمان ئاودیووی گوندی دۆڵەتوو کرد و لە چاوی پایەگا ون بووین و بەرەودووئاوی دۆڵەتووێ شۆڕ بوینەوە، بە هۆی زۆر بوونی حەشیمەتی هێزەکە هەڵووڕان و رێکردن و خۆشاردنەوەمان دژوار بوو. هاوڕێیانی هاواری تێنوێتییان دەکات و رێگاکە زۆری ماندوو کردبوون، منیش هەر زوو زوو مزگێنی ئەوەم پێ دەدان کە زۆری نەماوەو و دەگەینە سەر کانی.
لە خوارماڵی گوندی دۆڵە توولە سەری ئەو چۆمەی لە نێو ماڵان دەهاتە خوارێ و زۆریش پیس بوو، هەموویان دەستیان کرد بە ئاو خواردنەوە هەرچەند هاوارم لێ کردن کە ئەو ئاوە بۆ خواردنەوە نابێ و ئەوە کانیەکە لەولاترە، بێفایدە بوو، هەموویان تێر لەو ئاوەیان خواردەوە کە زۆر جار شتی لەم جۆرم بەچاوی خۆم دیوە .
لەبیرمە کاک ئەحمەد نستانی گووتی ئەرێ خدربگ ئەوە بۆ لەو دێمەکارەت کردین، جێگەی دیکە نەبوو ؟!..
بەهەرحاڵ دوای پشوویەکی کورت بەرەو سەرمێرگان وەڕێ کەوتین کەشوێنێکی زۆر خۆش و پڕئاوە. لەوێش پشوویەکی کورتمان وەرگرت، ئەوجا بەرەو دەشتی مردواوێ کە هەرچەندە بڵێی خۆش و دڵڕفێنە وەڕێکەوتین. کاتێک کە بەرەو دەشتی مردواوێ شۆڕ بووینەوە سەفێکی دوور و درێژی پێشمەرگە لە دەشتە کە بەرەو گوندی گردێنە هەنگاوی دەنا. شەو تا دەهات دەرنگ تر دەبوو، ئێمەش هەوڵی ئەوەمان دەدا پێش ڕووناکایی بگەینە شوێنی مانەوە .
هەنگاوەکانمان خێراتر دەکرد، زۆرجاریش دەمانگووت؛ کاکە زووکەن پێشمەرگەکان زۆر ماندووبوون .
سەرنجام پێش ڕووناکی هەموومان گەیشتینە خوار ماڵی گردێنە لە خوارماڵان ماینەوە .
کاتێک کە گەیشتینە شوێنی مانەوە هەرچەندە شوێنەکە زۆرباش نەبوون، بە مەجبووری لەوێ ماینەوە، شوێنەکە زۆر سەرەڕێ بوو، بەڵام پێشمەرگەکان هەر زوو هەرکەسەو لە شوێنێک چوە نێو کیسەخۆ بۆ ئەوی ئیسڕەحات بکەن .
ئەو کات کاک ئەحمەدنستانی فەرماندەری هێزی زمزیران بوو و کاک عومەر باڵەکییش فەرماندەری هێزی پێشەوا بوو .
مەحموودخاس پێی گوتم لە گەڵ دوو پێشمەرگە بچۆ بۆ نێوماڵان بۆ هێنانی هێندێک نان و چا، کاتێک چوین بۆ نێوماڵان نان و چامان هێنا هاتینەوە بۆلای پێشمەرگەکان و هاتینەوە کە دیتم هەموو پێشمەرگەکان خەوتبوون. تەنیا ئەوەی من دیم بەخەبەر بوو، مەحموود خاس بوو. لە کاک مەحموودم پرسی باشە نیگابانتان لە کوێ داناوە؟ کاک مەحموود گووتی ئەوە لە نێو ئەسحابەی نیگا بان دانراوە!!. بە کاک مەحموودم گووت باشە لە سەر ئەو ڕێگەیە نابێ نیگابان هەبێ؟ منیش لە پشتی جۆگەکە لێی ڕاکشام . بەڵام هەر نیگەران بووم، هیچمان نەماندەزانی کە تیمێک لە کادرەکانی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لە دەوروبەری ئێمە ماونەوە، نە ئەوان هەستیان بە ئێمە کردبوو نە ئێمە هەستمان بەوان کرد بوو.
زۆری نەخایاند شەڕێکی سەخت بەرۆکی گرتین کاتێک وەخەبەر هاتین، جاشەکان تەقەیان لە کیسەخەوەکان دەکرد.
لە بەشی بیست ویەکەم دا باسی ئەم شەرە دەکەین. چاوەڕوان بن
ئەم وێنە درووست بیست ساڵ دوای ئەم شەڕە لە شوێنی شەڕەکە گیراوە ..
بەشی ( نۆزدهههم ) ١٩ ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له نووسینی خدر پاکدامهن (خدربهگ )
Posted by